شنۆ؛ مەجید دەریایی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە بەشداربووانی نەورۆز بە "پڕوپەگەندا دژی حکوومەت" تۆمەتبار کرا
- info1173814
- Apr 10
- 2 min read
شنۆ؛ مەجید دەریایی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە بەشداربووانی نەورۆز بە "پڕوپەگەندا دژی حکوومەت" تۆمەتبار کرا
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، مەجید (نەجمەدین) دەریایی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو خەڵکی شنۆ، کە بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بە "پڕوپەگەندا دژی حکوومەت" تۆمەتبار کرابوو، بانگی لقی یەکی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری شنۆ کرا و سەبارەت بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی لە بەرژەوەندیی دژبەرانی حکوومەت" بەرگریی لە خۆی کرد.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ مەجید دەریایی پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتەکەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی کۆبونەوەکانی دادگا ئازاد کراوە.
مەجید دەریایی پێشتر لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ بە تۆمەتی "چالاکیی سیاسیی یەکێک لە منداڵەکانی بە ناوی ئاکام دەریایی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرش بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا. ناوبراو پێشتر چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکرانی لێ کرابوو.
ناوبراو بەدوای دەسبەسەرکرانی لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی کورد خەڵکی شنۆ لە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ سەرجەم بە ١٦ ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا دران کە مەجید دەریایی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بە دوو ساڵ بەندکران سزا درا.
هەروەها "فەتاح عەلیکورد" خەڵکی گوندی "نەرزیوێ" بە سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکران، "یوونس شەریفی" خەڵکی شنۆ بە سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکران، "حامد زەریفە" خەڵکی گوندی "خۆرشت" بە سێ ساڵ بەندکران، "محەممەدئەمین فەزڵی" خەڵکی گوندی "بێمزۆرتێ" بە دوو ساڵ بەندکران و محەممەد مەحموودتاش" خەڵكی گوندی "خۆرشت" بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا دران.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠، یەکێک لە کوڕەکانی مەجید دەریایی بە ناوی "نەجیب دەریایی" بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوو حەفتە پێش دەسبەسەرکرانی، بۆ جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.
