سنە؛ ناڕوونی چارەنووسی ئەمجەد ساڵح زادە پاش دوومانگ و نیم دەسبەسەرکرانی کاتیی لە دەسبەسەرگەی ئێتڵاعات سپا
- info1173814
- Apr 8
- 2 min read
دووشەممە ١۸ی خاکەلیوەی ١۴۰۴, هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمجەد ساڵح زادە" تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی سەقز، کە لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە، تاکو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە دەسبەسەرگەی شارامفەری ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە ڕاگیراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێگەیشتن بە پارێزەر و مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە. دەوترێ که, ئەم هاووڵاتییە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە و گوشاری هێزە ئەمنییەکاندایە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ, ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرد.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە زانیاریێک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتگەلێ کە خراوەتە پاڵی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.
ئەمجەد ساڵح زادەلە ڕێکەوتی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "چالاکیی پڕۆپەگاندا دژبە حکوموتی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزای داسەپاو، سزای ناوبراو بۆ پێبژاردنی سەد و ٦٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی گۆڕدرا. ئەم سزایە بەپێی برگەی ٤٤٢ بۆ پیبژاردنی سەد و ٢٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی کەم کرایەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای ئەمجەد ساڵح زادە بۆ پێبژاردنی سەد و ٢٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی لە لقی ٢ی جیبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە جێبەجێ کرا.
ئەمجەد ساڵح زادە پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا بانگهێشتی ئیتلاعاتی سەقز کرا و پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.
کۆبوونەوەی دادگای لێپرسینەوەی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز بەرێوە چوو و ناوبراو بە "چالاکیی پڕۆپەگەندا دژبە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران" تۆمەتبار کرابوو.
