سازکردنی دۆسییەی نوێ دژی محەممەد ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسیی بەندیخانەی شنۆ
- info1173814
- Apr 10
- 1 min read
٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤؛ محەممەد ڕەسووڵپوور لەدایکبووی ١۳۵١, بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ و سزادراو بە یەک ساڵ و نیو بەندکران کە زیاتر لە چوار مانگە لە تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیەتی؛ لەگەڵ سازکردنی دۆسییەیەکی نوێ بە "پڕوپەگەندا دژی حکومەت" تۆمەتبار کراوە و دەبێ لە ماوەی پێنج ڕۆژی داهاتوودا لە لقی یەکی دادسەرای گشتیی و شۆڕشی شاری شنۆ ئامادە بێت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار, لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ لەلایەن لقی یەکی دادسەرای گشتیی و شۆڕشی شنۆ و لەلایەن "میرنەقی سەیدڕەزایی" دادیاری ئەم لقە بە محەممەد ڕەسووڵپوور ڕاگەیەندراوە.
ئەم ڕاگەیەندراوە ڕۆژی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، لە بەندیخانەی شنۆ بە محەممەد ڕەسووڵپووڕ ڕاگەیەندراوە.
محەممەد ڕەسووڵپوور تاکوو ئێستا چەندین جار داوای بەندیخانەی نیوەکراوەی کردووە بەڵام بە بڕیاری ئیتلاعاتی شنۆ داواکارییەکەی ڕەت کراوەتەوە.
محەممەد ڕەسووڵپوور ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران بە تۆمەتی "پێوەندی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و چالاکیی پڕۆپەگاندا دژی حکومەت" ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کرا.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ, ئەم هاووڵاتییە شەوی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. دواتر لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی ئازاد کرا.
لە کۆتاییدا ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، محەممەد ڕەسووڵپوور، بە مەبەستی جێبەجکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کرا.
محەممەد ڕەسووڵپوور لەدایکبووی ١٣٥١، خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.
