جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی بەندەر عەباس
- info1173814
- 3 days ago
- 1 min read
سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی "پەیمان نادری" خەڵکی کرماشان و "کەریم ئیسماعیلی" خەڵکی شاری شاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەیمان نادری تەمەن ٢٨ ساڵ دوو ساڵ پیش ئێستا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددە هۆشبەرەکان" دەسبەسەر کرا و پاشان لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە سزای سێدارە مەحکووم کرا.
هەروەها کەریم ئیسماعیلی سێ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددە هۆشبەرەکان" دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە سزای سێدارە مەحکووم کرابوو.
تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم دوو بەندکراوە کوردە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.
