بانگکرانی سروە پوورمحەممەدی، ئەندامی ڕێکخراوەی "نۆژین" بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی
- info1173814
- 22 hours ago
- 1 min read
سروە پوورمحەممەدی، ئەندامی ڕێکخراوەی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین" بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بانگ کرا.
سروە پوورمحەممەدی ئەندامی نۆژین لە ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤دا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بەڵگەی بانگکرانی پێ گەیشتبوو و دەبێ بە مەبەستی جێبەجێبوونی سزاکە خۆی بە بەندیخانە بناسێنێ.
سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی سروە پوورمحەممەدی، ئەندامی ڕێکخراوەی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە دادگای پێداچوونەوە بە پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو کەم کرایەوە.
ئەم سزایە ڕۆژی دووشەممە، ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ بە پارێزەرەکانی ناوبراو ڕاگەیەندرا.
پێشتر ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی"، بە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" بە ١٠ ساڵ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ لە ڕێگەی پارێزەرەکانی ناوبراو، دوکتور جوامێر عەبدوڵڵاهی و هێمن مەجیدیی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی دوشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، سروە پوورمحەممەدی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەەتی سنە ئازاد کرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەندامانی دەسبەسەرکراوی ڕێکخراوەی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە دادگای شۆڕشی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.